نووسینی ڕەها حەسەن
تابلۆی لەرێ نەجمەدین
—
ئێوارانێک بوو خۆر ڕەنگی خۆی دەنواند نەک دڵتەنگ و
کاتژمێرەکان بە خێرایی خۆیان دەڕۆشتن نەک ڕابکەن
تۆ لێرەبووی
لەگەڵ خەتی جێماوی سەرینەکەت لەسەر ڕووخسارت
زەمەنێکبوو، عەسرانێکبوو
بۆنی گەڵای دارپرتەقاڵەکە
بە خاکی تەڕی حەوشەکە ئالوودەبوو
سکێچی جیهانی دابەشنەبوو
لەسەر چیمەنتۆ ئاوپرژێنراوەکە نەخشابوو
تۆیش لەوێ بوویت
لە کۆڵان بوویت
لەسەر خوشکەکەت دەکردەوە
بەفر باری و گەرما خۆی خۆش
نەورۆز هات، سەرما شکا
تۆ هەبوویت و ئێمە شاد بووین
تۆ ڕۆیشتیت، هیچمان نەما
لەو ساڵانەی شارەکەمان لە ژێردەستی زاڵمانی دڵشکێندابوو
لێرەنەبووی تا بیبینیت چی بەسەرهات باخەکەمان
پشیلەکەت ئێستایش بەو جۆرە دەمیاوێنێت
لە درەنگ هاتنەوەکانتدا دەیمیاواند
کە دەستێکت پڕ لە ئەوین و
دەستەکەی تر هەرچیەک بووبا
هەرچیەک بووبا
ئێمە
بە دڵ
دەمانویست
خەمت دەکرد بە خامێک
خوساو، تەڕبوو
دەتدا بەسەر تراوماکانماندا
تا بخنکێن، تا هەوێن بکەن
تا ڕێوشوێنی ناشتنی بەیانییە شینەکان
(زۆر شینەکان)
دەستپێبکەین و ببین بە منداڵی شەو
خەمت دەکرد بە بۆنێک
عود، بە نۆتەی لیمۆ
بەڵام خووساو
بە تامێک
شیرین، بە نۆتەی دارچین
بەڵام برژاو
جارێکیش خەمت کرد بە زامێک
نا
زامت کرد بە خامێک
نا
کامێک
نا
خەمی سینگی حاخامێک
خخخ
تف
وای خەم!
گۆی چەژانت پڕکرد لە زامێک
کە هیوا بۆی خوێ بوو
ئەو ڕۆژانەیش
ئەوەی نەبوو
هیوا بوو
ئەوەی هەبوو
هەر خوێ بوو
کەچی بە سرتەوە هەموو شەوێک
دەنگێک ئەڵێت
وا لەڕێیە
سێ زستانە بە ڕووی بەفرا
شاخان و کێڵگە دەپێوێت
هەنسکی گەرمت سەرکە
هاکا گەیشت
خەیاڵ بکە
پەنجەی قڵیشاوی بە ڕوومەتدا بێنێ
سەرت وەک دیارییەکی سەری ساڵ بە سنگیەوە دەنووسێنێ
بە لێوی گەرم و تەرەکاو بکات ماچی پێلووی سووربووت
وەک پەزڵێک ڕێکی بخات، پارچەی وجوودی پەڕپووت

