Notes from Kazim Oz’s Masterclass

بیستی شوباتی ٢٠٢٤، ڕۆژێ پاش یەکەم نمایشی جیهانیی فیلمی دایکە ئەلیف لە سینەما سالمی شاری سلێمانی.

دەمەونیوەڕۆیەکی خۆراوییە، هەوایەکی وشکی هەیە، لەبەردەرگای زانکۆی سلێمانی سەیارەکەم ڕادەگرم و دەچمە ژوورەوە بۆ لای هۆڵی بەدیعە دارتاش لە کۆلێجی هونەرەجوانەکان. ٢٥ بۆ ٣٠ کەسێک دەبینم. لەناویاندا، کازم ئۆز و هەوراز محەمەد، لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکاری بەشی سینەمای زانکۆی سلێمانی. ڕاستی من بەواستە جێی خۆم کردبووەوە، ئەگەر نا ماستەر کڵاسەکە تایبەت بوو بە خوێندکارانی بەشی سینەما.

دە دەقەیەک دواتر دەچینە هۆڵەکەوە کازم دەست بە قسەکردن دەکات.

-دەربارەی دۆزینەوە و گەشەپێدانی بیرۆکەی سیناریۆ:

بابەتێک دێنم لێی دەکۆڵمەوە، هەرکاتێک چیرۆکێکم تێدا دۆزییەوە دەست دەکەم بە نووسینی سیناریۆ، سیناریۆ لە هەست و فکرەوە دێت. لە فیلمی فۆتۆگراف کە دووەم فیلمی من بوو دەمویست شتێکی فکری بگێڕمەوە، فکرەکە ئەوەبوو ئەوکات لە باکوور شەڕێکی گەورە هەبوو، هەندێک وێنە بڵاوببوونەوە، یەکێک لە وێنەکان گەریلایەکی کوژراو بوو، جندرمەیەک پێی لەسەر دانابوو. ئەم وێنەیە بە هەر ڕێگایەک بووبێت گەشتبووە دەستی خێزانی گەریلاکە. دەمگوت دەبێت مرۆڤ چەند بێڕەحم بێت، کەسێک کە دەمرێت دەستی لێ هەڵدەگیرێت. بەهەرحاڵ مەسەلە ئەوەیە مرۆڤ چۆن ئەم ڕەسمە بکات بە ئەلبومێک، ئەلبومەکەش بە فیلم بگێڕرێتەوە. بۆیە دوو کارەکتەرم دروست کرد، یەکێکیان دەبوو بە سەرباز، ئەوی تریش دەبوو بە گەریلا، لە پاسێکدا یەکیان دەگرت و دەبوون بە دۆست، دواتر یەکیان لە شەڕدا ئەوی دی دەکوشت. ئەمە سەرەکییە، ئیتر ئاکتەرانی تر و میوزیک و هەموو شتێکی تر دەبێت خزمەت بەم چیرۆکە بکات، وەک چۆن جل لەسەر تەنافێک هەڵدەخەیت، تەنافەکە هێڵی سەرەکی گێڕانەوەیە، جلەکان بەسەریەوە تەواوکەری وێنەی تەنافەکەن. 

لە سینەمادا کە فکرەیەکت دەستپێکرد ئیتر وەک لێکۆڵەرێک دەبێت بەدواداچوون بکەیت، لەسەر هەموو وردەکارییەکان نەک تەنها هێڵە سەرەکییەکە، ئەوکات ئەو فکرەیەی لەسەری دەستت پێکردووە، دەبینیت ناکۆکی تێیدا سەرهەڵدەدات، ئیتر تۆ وەک فیلمساز دەڵێیت کامیان ڕاستە. ئەوەیش تاقیکردنەوەیەکی باشە بۆ ئەوەی بزانیت بیرۆکەی فیلمەکەت باشە یان خراپ، ئەگەر باش بوو دروستی دەکەیت، ئەگەر نا وازی لێدێنیت. بەڕای من ئەگەر دەرهێنەرێک مافی پراکتیکی نەدات بە چیرۆک و فکر، باشترە فیلم دروست نەکات. 

ئەو زەمانەی لە ئەستەمبوڵ دەچووم بۆ دێرسیم، جووتیارێکم دەبینی، سەرسامی جێخەوەکەی بووم. لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەمەندەکانی ئەنقەرە و ئەستەمبوڵم دەبینی لەکوێ هەڵدەسن و دادەنیشن. ڕۆژی دەچوومە لای جووتیاران، تەنها چایەکیان هەبوو بمدەنێ، ڕۆژی دواتر لە ئەستەمبوڵ میوانی دەوڵەمەندان بووم، دەمبینی منداڵەکانیان لە جووتیارەکان زیاتریان هەیە. ئیتر ویستم فیلم لەسەر ئەم جیاوازییە بکەم. بۆ ئەوەیش وتم دەبێت وەک ئەوان بژیم. یەڵماز گونەی دیمەنێکی هەیە، هەندێک گەشتیار هاتوون وێنەی هەژارەکان دەگرن، دێڕەکە دەڵێت، ئەوان هاتوون وێنەی هەژاریی ئێمە بگرن، ئەمە دیوە ئۆرینتێستاڵەکەی ئەوانە، یەڵماز دژی ئەمەیە. بۆیە تۆ پێویستە وەک ئەکتەرەکانت بژیت، ئینجا ڕاستی ژیانیان شرۆڤە بکەیت و بنووسێتەوە. وایە لەیەکەمەوە دەنووسیت و دەڵێیت ئەم ئەکتەرانە وا دەژیەنم، بەڵام دواتر کە لەگەڵیاندا دەژیت، جۆرێکی ترن. ئیتر لێرەوە هەستی مرۆڤ کاریگەری جێدەهێڵێت.

بەڕای من لە سینەمادا دوو جۆر نووسین هەیە، یەکێکیان لە لۆجیک و ئەقڵەوەیە، ئەوی تریش لە هەستەوە. چیرۆک لە ناکۆکیەوە دروست دەبێت، مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی سۆسیۆلۆگ ناکۆکییەکانی لە کۆمەڵگاوە وەردەگرێت، بۆ نموونە جیاوازی چینایەتی، ئیتر ئەمە کاریگەری لەسەر نووسەر دادەنێت. مرۆڤ لەگەڵ نووسیندا هەست دەکات کەسێی تر لەگەڵیدا دەنووسێت. لە فەلسەفەی عەلەویدا دەڵێن مرۆڤ خوایە و خوا مرۆڤە، هەموو شتێک لەنێو مرۆڤدایە، ئەم جیاوازی و چیرۆکە لەناخی هەر مرۆڤێکدا جیایە، من هەستدەکەم ئەو کەسە بۆ منیش خوایە. لە فیلمی تەمەنی کڵوە بەفرێک دیمەنێکمان هەبوو، کامێرا لەگەڵ کچەکەدایە لە سەیارەکەدا کە دەڕوات دەڕوات دواتر دەچێتە لەسەر کەژێک کە ڕەوەئاسکێک بەسەر کەژەکەدا دەڕۆن. بە درۆن هەوڵمان دا ئەم دیمەنە بگرین، چەند تەیکێکمان وەک تێست وەرگرت، کە هاتین دیمەنەکە بەتەواوی وەربگرین هاوکارەکەم هات وتی: مامۆستا لەو جێیەی  دامان ناوە لە پۆست پڕۆدەکشن ڕەوەئاسکەکە دابنێیین، ڕێک ئاسکێک بەوێدا تێدەپەڕێت. دواتر لە پۆست پڕۆدەکشندادا ڤی ئێف ئێکس ئاڕتستەکە وتی ئەو ئاسکە زۆر هاوکارە هەر ئەو ئاسکە کۆپی دەکەین و ڕەوەئاسکەکەی پێی دروستدەکەینەوە. فیلمی دایکە ئەلیفیش گێڕانەوەی بوونی عەلەوییەکانە، کە خەریکە ون دەبن، ئەوان هەموو شتێکیان جیایە، بەڵام پشان نەدراون، من لە ترسی ونبوونیان فیلمم لەسەر کردوون. 

  • سیناریۆ کەی تەواو دەبێت؟

هەتا کۆتا بڕین (لاست کەت) خەباتی سیناریۆ بەردەوامە. هونەری سینەما هونەری ئەدەبی نییە، پارچەکانی دەنگ و ڕەنگە. بۆیە تا کۆتایی مونتاجیش دەکرێت دەستکاری بکرێت، ڕۆمانێک نییە چاپکرا ئیتر دەستکاری نەکرێت. کاتی مونتاژ لە سەرەتاوە سیناریۆ دەنووسیت، کاتی دروستکردنی موزیک دووبارە سیناریۆ دەنووسیت، چونکە ئەمانە هەمووی کاریگەریان لەسەر چیرۆک هەیە. میوزیک و شێوازی کەتەکان هەڵدەبژێرن دیمەنەکان تراژیدی یان کۆمیدین، بۆیە دوای مونتاژ سیناریۆ تەواو دەبێت. کە بینەریش فیلمەکە دەبینێت جارێکی تر سیناریۆ دەنووسرێتەوە، وەک دەڵێن بەرهەمی باش ئەوەیە جێ بۆ بینەر بکاتەوە. باشترین دیمەنەکان ئەوانەن کە بۆشایین و مەجالی بیرکردنەوە دەدەن، هەر بینەرێک بە جۆرێکی خۆی ئەو بۆشاییە دەنووسێتەوە. 

بەدەر لەوە بەسەرهاتێکی سەرنجڕاکێش لەسەر دایکە ئەلیف دەگێڕمەوە، ئەو فیلمەی دوێنێ بینیتان. من خۆم ئەندازیاریم خوێندبوو، دوای ماوەیەک بڕیارم دا سینەما بخوێنم، چووم بۆ تاقیکردنەوە لە زانکۆی مەڕمەڕ لە ئەستەمبووڵ، تێستم کرد و دەرنەچووم، ساڵی دواتریش هەروا، ساڵی سێیەم وەرگیرام کە مامۆستا سەمیر تاقیکردنەوەکەی پێکردم. سیناریۆی دایکە ئەلیف هاوڕێیەکم لە ئەوروپا نووسیبووی، خۆم پێ باش نەبوو، ناردم بۆ مامۆستا سەمیر، مامۆستا سەمیر خۆی عەلەوی عەرەبە،. وتی حەزەکەم بیکەم بە فیلم، بەڵام مەرجم ئەوەیە خۆت لەگەڵم دەریبهێنیت. دوای چەند ساڵ ئەوەی دوێنێ بینیتان کۆتا نووسینەوەی فیلمەکە بوو دوای چەند ساڵ.

-هەڵبژاردنی ئەکتەر

ئەکتەر سیناریۆیەکی باش خراپ دەکات، سیناریۆیەکی خراپ باشتر دەکات. ئێستا خەریکی فیلمێکی تازەم، سیناریۆکە سەرۆک شارەوانییەک نووسیبووی لەسەر سەرۆک شارەوانییەکی تر، بۆی ناردم وتم باش نییە تێبینیم دا پێی و نووسییەوە و دوای دوو مانگ ناردییەوە و هێشتا خراپ بوو. بەڵام بڕیارم یا ئەکتەرەکان هەڵبژێرم، تەنها بیرۆکەی دیمەنەکانم دا بە ئەکتەرەکان، ئەوان خۆیان تەواویان دەکرد، بینیم زۆرجار دیمەنەکانی ئەوان باشترە لە نووسراوەکە، بۆیە بەوشێوەیە سیناریۆکەمان نووسیەوە و ئەم هاوینە ڕیکۆردمان کرد. لە دایکە ئەلیف، ئاغاکە تەنها دوو دیمەنی هەیە، کە بینیم ئەوەنە جوان ئاکتین دەکات، بیرم کردەوە بیهێنمە فیلمە تازەکەمەوە. جاری وایە ئەکتەرێک زۆر باشە، بەڵام پێویست دەکات لەگەڵی ئارامبیت و دیمەنەکان دووبارە بکەیتەوە، لە تەمەنی کڵوەبەفرێک، دیمەنی زلە لێدانەکەی باوکی بۆ سەما، ٢٧ جار دووبارەمان کردەوە تا ئەوە دەرچوو کە دەمانویست. من جاری واهەیە ساڵێک بۆ ئاکتەرێک دەگەڕێم. من لە فیلمی باهۆز هەشت مانگ خەریکی دۆزینەوەی ئاکتەر بووم، جاری وا هەبووە بۆ ڕۆڵێک ٣٠ کەسم تاقیکردووەتەوە. بەگشتی لە باهۆزدا ٦٠٠ کەسم تاقیکردەوە. تۆ بەپێی بایۆگرافی و ژینگەی کارەکتەرەکە بۆ ئاکتەر دەگەڕێیت. ئەکتەری پڕۆفیشناڵ هەیە لەگەڵ ئاماتۆر، بۆ من گرنگ نییە کامیانە، تەنها گرنگە باشبێت بۆ من، دیمەنی وامان هەیە دوو ئەکتەری تیایە، دانەیەکیان زۆر پڕفیشناڵە و دانیەکیان یەکەم جارییەتی دەچێتە بەردەم کامێرا، بینەر هەست ناکات بەم جیاوازییە. هەندێک جار دەرهێەر ئەکتەرێک هەڵدەبژێرێت کە باشە بۆی بەڵام پڕدیوسەر قبوڵ ناکات، چونکە ئەو زۆرجار ئەکتەری بەناوبانگی دەوێت تا فیلمەکەی بفرۆشرێت ئەویش لەسەر هەقە. من زۆر دۆکۆمێتاری دروست دەکەم، بەتایبەت لە دێرسیم، لەسەرەتاوە خەڵکەکە حەزیان نەدەکرد دەرکەون و قسە بکەن. بەڵام چەند فیلمێکمان کرد و لەوێ پشانمان دا و دەنگی یایەوە، ئیتر خەڵکەکە خۆیان حەزیان دەکرد بێن و دەکەون. سینەما حەز لە ڕاستی دەکات، لە زەڕدا کچێکی شوانمان بینی لەسەر جادە، ناونیشانمان لێ پرسی، زۆر باشبوو بۆ ڕلێک، قسەمان لەگەڵ کرد و بردمان ڕۆڵمان پێ دا، لەنیوەیدا کچە ڕایکرد، پڕدەکشن ڕۆشتن و دوای ماوەیەک دۆزیانەوە، دوای تەواوبوونی فیلمەکە هەواڵ بڵاوبوویەوە کچەکە بووە بە گەریلا، دواتریش بەم دواییانە بڵاوبووەوە کە کچەکە گیراوە.

  • فلاشباک

سینەما بریتییە لە یاریکردن بە کات بۆ من، مامۆستایەکم دەیوت دەرهێنەری باش ئەو دەرهێنەرەیە باش یاری بە کات دەکات. تارکۆفسکی دەیوت کات مۆرکردنی جیرۆکەکانە لە زەمەنی خۆیاندا.ڕاستە ئێمە لە ئێستادا دەژین، بەڵام پێش-ئێستا هۆکاربووە ئێستا درووست بێت، بۆ ئەوەی لە ئێستا تێبگەین، دەبێت لە ڕابردوو تێبگەین. بە ڕێبازێکی زیندوو فلاشباک بەکاردێنم، وەک لە زەڕدا کامێرا بەخێرایی ٣٦٠ پلە دەسوڕێتەوە و دەچێتە ١٠٠ ساڵ پێش کاتی ئێستا. کەت بڕینە، دابڕانە، هەر دیمەنێک کەت بکرێ بینەر ئامادەی دیمەنی دواتر دەبێت، هەر دیمەنێک زۆر بمێنێتەوە بێ کەت لای بینەر گرنگتر دەبێت. قسەیەک هەیە دەڵێت، کەی پێویست بوو مرۆڤ چاوی بتروکێنێت، دەبێت ئەو کاتە کەت بکرێت.