Delusional passenger

پێش تۆ

من وشەم نەناسیبوو لە دەرەوەی سیاق دانیشێت

بەڵام، (تۆ)

ئەی ئەوەی لە حەواوە هاتوویت

بۆ نیشتیتەوە سەر زەوی؟

لێرە کەس تەعبیری تۆی پێ ناکرێت

ئیمکان باوەش بۆ (تۆ) ناکاتەوە

بیرتە پێم ئەوتیت:

دەستم بە دامانت مەیە…

لێرە کە لە پڵنگ نەگەیشتن

بیانوو بە جێی خاڵەکانی دەگرن و

دەیانگۆڕن

لێرە ماسی دەگرن و

پولەکەکانی هەڵدەگێڕنەوە

ئێرە ساختە-بازاڕیشە

خۆیان لە دوورەوە دەژەنرێن

کەچی ڕقیان لە سازیشە

شازیش…

شازی خۆیان دەنوێنن

سازیش ئەکەن،

لە فێستیڤاڵێکی هاوینەدا

پێکڕا مارشێک دەخوێنن:

“ئێمەین زەمینیی، بە حەز ئەبەزین

کە شەهوەت هانی، دایکیش ئەگەزین”

دواتر، چی جوانی بێت دەیهێنن

دەیکەن بە پشکۆ، دەیسووتێنن

سازیش…

سازەکانیشیان،

بە سەر دەشکێنن.

ئەمانە وان، ئێرە وایە

هەرچەندە توندیش بیانژەنیت

هیچ دەنگێکیان لێوە نایات

چی بکەین وایە؟

دە وەرە دەرێ

ئەی ئەوەی نور زادەی تۆیە

جێی تۆ نییە ئەو فەوزایە

لایان وایە، هەمووەکان

هەمووشتێکیان لا وایە

یان هەیە؛

بەو جۆرەی ئەوان دەیانەوێت

یان نییە؛

لەبەرئەوەی بەوجۆرە نییە

کە ئەوان دەیانەوێت

کەچی تۆیش… تۆ ئەی ڕێبواری خەڵەفاو، پیاسەی ئێوارانی سەر ئەستێرە کشاوەکانت گۆڕییەوە بەم جادە ناجسنانە؟ کە پێئەکەنن، بێئەوەی هەستبکەن تۆ ئەگریت. دڵی خۆت دەدەیت بەم گۆرانییە ساردانە؟ بە لێوی گەرمت ئەو هەموو بێهەستییە دەچڕیت؟ ئەی سازەکەت؟ دڵت دێت بیشکێنیت، ئەتوانیت پرچەکانی ببڕیت؟

ئەوا من دیسان

بە پێستی ددانەکانم تکا دەکەم

یەخەم دادەڕم و

هاوار دەکەم

لەلای گوێتدا دەزریکێنم

باوەشی بەژنی خۆمت،

خۆتت پێ دەکەم

پرچەکانت کۆدەکەمەوە و

دەیانبەستم

پەنجەکانت دەچوقێنم،

پەنجەکانت…

هەر ئەو پەنجانەی

کە پاپیۆنی غەمیان دەبستم.

کەس لە حیکمەتی ئەم کارەم ناگات

کێ لەم هاوارە ئەگات؟

تێناگەن،

کەس تێناگات

بەڵام تۆ

تۆ، ئەی ئەوەی پوچی دەژمێریت

ئێستا، کە هێشتا چیدەنییم

ئێستا، پێش برین

ئێستا، پێش فڕین

ئێستا وەرە کە دیدەنیم.

ئێستاکە…

ئێستا، کە هێشتا چیدەنیم

Leave a comment