فروغ فرخزاد
وەرگێڕانی: ڕەها حەسەن
ئەمشەو لە ئاسمانی چاوی تۆ
بەسەر شیعرمدا ئەستێرە دەبارن
لە بێدەنگی سپێتیی کاغەزدا
پەنجەکانم پڕیشکە دەکارن
شیعری شێتی هەیەجانگیرم
شەرمەزاری ڕچەی تکاکانە
پەیکەرەکەی وا دووبارە دەسوتێ
تینووی نەمریی ئاگرەکانە
بەڵێ، دەستپێک خۆشەویستییە
گەرچی کۆتایی تەم و گومانە
من ئیتر بیر لە کۆتایی ناکەمەوە
خۆشەویستی هەرچی بێت جوانە
بۆچی لە ڕەشایی ترسم هەبێت
ئەوە شەوە و پڕی ئەڵماسە
لەو جێیەی کە شەو دەمێنێتەوە
بۆنی هەوا شەکریییە، گوڵی یاسە
ئاهـ، لێگەڕێ ون بم لە تۆدا
کەس نایدۆزێتەوە نیشانەی من
ڕوحی سوتاو و ئاهـی شێداری من
لە گیاندا بوون بە گۆرانیی من
ئاهـ، لێگەڕێ لەم دەرگایەوە دووبارە
خەوتوو لەسەر کانڤاسی دیدگاکان
بە هەموو قورسییمەوە گەشت بکەم
ڕزگارم بێت لە پەرژینی دونیاکان
ئەزانیت چیم لە ژیان دەوێت
من تۆم هەبێ، تۆ، سەر تا پێی تۆ
گەر هەزار جاریش ژیان پات ببێتەوە
جارێکی تر تۆ، جارێکی تر تۆ
ئەوەی لە مندا شاردراوەتەوە دەریایە
کێ دەتوانێت شاردەری من بێت
لەگەڵ تۆدا، زینی ئەم تۆفانە وێرانە
هیوادارم هاووتنی وتنەکانی من بێت
ئەوەندە پڕم لە تۆ، دەمەوێت
بدەم لە بڕینی بیابانەکان
سەر بکێشم بە بەردی شاخەکان
گیانم بکێشم بە شەپۆلی دەریاکان
ئەوەندە پڕم لە تۆ، دەمەوێت
چۆن وەک گێژەنێک کە خۆی لێ بارە
لەژێر پێی تۆدا سەربنێمەوە بە ئارامی
لە شێوەی سێبەرەکەتدا خۆم بدەم لە سێدارە
بەڵێ، دەستپێک خۆشەویستییە
گەرچی کۆتایی تەم و گومانە
من ئیتر بیر لە کۆتای ناکەمەوە
خۆشەویستی هەرچی بێت جوانە

