دۆخی نەخۆشییەکەم باش نییە،
نە خەوێکی ئارامم هەیە
نە ئارەزووش بۆ بێداریی.
ناخمان جیاوازی هەیە،
تۆ گیرۆدەی چارەسەریت
و من وابەستەی بیماریی.
لە قەراغی جێنووێنەکە دەنووم
تا هەوا تەنگ و گیر بوو
ببم بە هەناسەکانت.
تۆ دەبیت بە ڕۆژ هەر شەوێک
و دەبیت بە بەیانی هەر ڕۆژێک
تۆ خەوێکی ئارامت هەیە.
نە جریوە مەستەکانت
نە ساردی زستانەکانت
بیگەڕینەوە دەستەکانت.
چەندان چەند ڕۆژ
کە چەوسانەوەت قبووڵ کرد
بە چەندان چەند دەست
شەوانە،
گالیسکەوان خۆی کێشدەکات بۆ ماڵەوە
گەرچی مایینەکەی هیلاک بووە
گەرچی گوریسەکەی هەلاهەلا بووە…
ناخی گالیسکەوان پاکە،
بارەکە خۆی کێشدەکات!
شەوانە،
هەموو شەوێک…
من دەتدەم بە شانمدا،
تۆش دەمکوژیت.
شەوانەی لێوەکانم
لێوانی شەوەکانت
شەوانی بێداری.
خەیاڵکردنت خراپ نییە،
خەیاڵ بکە دەتەوێت بڕۆیت
هەر کە ڕۆشتیت و من مردم
هەوڵ بدە بگەڕێیتەوە
و بەو هەموو خوێنساردییەتەوە
بە خاکم بسپێریت.
زۆر ئەڵێم؟
زمانم گرێ بدە.
زۆرت لێ دەنۆشم؟
پیاڵەکەم لێ بستێنەوە.
هەرچیشم هەیە لێم بستێنە
هەرچیشت هەیە پێمی بدە
تۆ قوفڵچییت
دووریم کلیل بدە
زنجیرەکەم کلیل بدە
فڕینم کلیل بدە
باڵی فڕینم کووبڵ بکە
بیکە بە قۆزاخەییەک، بۆ وابەستەیی.
چارەنووسی گریانێکی سەرەوخوار:
غەمی قووڵیشم غەمگینە
سەرم بۆ هەر ئاڕاستەیەک بێت بەرزە
سەرت بۆ هەر ئاڕاستەیەک بێت نزمە
و تاڵبوونت شیرینە
و برینبوونت چارەیە.
چەند بێ بڕیار و گرانبار
خۆم کێشدەکەم بۆ ماڵەوە
چییە لە دڵمدا بەبێ سرەوت
ئەبێت بە بڵێسە گشت شەوێک
من خراپ دڵم لێت ئێشاوە
تۆش کە خراپ لێم بێزاریت

