Blunder of a Joke

Raha Hassan

فەلەتی نێو سۆعبەتێک

نووسینی: ڕەها حەسەن

هەندێکی پیاوماقوڵی گەڕەکێ بوون، هەموو جارێ کورسیەکانی سەرەوەیان بۆ دائەنرا.

“…ئەیچی برا، خۆ من کە ئەڵێم بە سوڵح ڕازی نابن، بۆ پێم خۆشە؟”

هەندێکیش ڕۆشنبیران، کە ئارەزوویان لەوە بوو لە ژێر دارتووەکەی دەرەوەدا دابنیشن.

“ئەوە موشیرێ هەبوو بە ڕەحمەت بێت کاتی خۆی موحەڕیر بوو لەگەڵ خۆمانا، هەموو بەیانییەک…”

کۆمەڵە گەنجێکیش لە بەردەرگای پێشەوەی مزگەوتەکە دائەنیشتن، کە شانی بە شانی چایخانەکەوە بوو.

“جا مامم خۆی حەوت ساڵە لە بەڕیتانیایە. ماشەڵڵای لێبێ دوو دوکانی دەلاکیی و دوکانێکی شاورمەی هەیە، بیرم نایە کەی بوو…”

هەموو عەسرانێک، ئەم دەنگانە و ئەم قسانە دەچوون بەیەکدا، ژاوەژاوێکیان دەنایەوە کە قاقا و تریقانەوەیان لە هەردوو سەری گەڕەکی چایخانەکەوە دەبیسترا. چایخانەکە لە یەک کاتدا بووبوو بە شوێنی گەنج و پیر، خوێنەوار و نەخوێنەوار و دەوڵەمەند و فەقیر. هەمووی بێئیش بێئیش لەوێ کەوتبوون.

حاجی عەلی بە بەراورد بە چایخانەنشینەکانی تر باری دارایی باشتر بوو، ئەو ڕیزە دوکانەی لە باوکییەوە بۆی مابووەوە بووبوو بە نیعمەت و هۆکاری ئەوەی بە هەرکوێدا بڕوات دەستی بۆ بە سنگەوە بگرن. سمێڵە ڕەشە بۆیاخکراوەکەی و مەرزیەکەی و ئەو چواردەخۆرەی دایمە لە تەنیشتی خۆیەوە دایدەنا، هاوکاری بوون جەوی چایخانەکەی کۆنتڕۆڵ بکات. هەموویان چێژیان لە درۆکانی دەبینی، دڵخۆشیش بوون لەگەڵ ئەوەی وا لە خۆیان بکەن کە باوەڕیان بە قسەکانی هەبێت.

“ئەوە خانوویەکمان یابوە کرێ بە ژنێکی پیر، سەرسەرییەکیشی هەبوو لەگەڵیا ئەمایەوە، جا ئەو هەتیوە زۆر عەزێتی ئەو دایکە پیرەی ئەیا. ڕۆژێ ڕۆشتم سەریان لێیەم، چیم بینی چیم بینی!”

من لای ڕاستیەوە دانیشتبووم، دەستی خستەسەر ئەژنۆم و ڕووی کردە لاکەی من.

“ئەو سەگبابە ئەوەنەی لەو ژنە داماوە یابوو… لەسەر ئەژنۆ هات دەرگاکەی لێ کردمەوە. منیش لە دڵی خۆما وتم: ئافەرم مناڵی خوێڕی، وەرە ئەو دایکە بە دڵ و بە گیان بەخێو کا، نان لە دەمی خۆی بگرێتەوە و بیا بە تۆ، هەزار چەرمەسەریی بە گەورەکردنەتەوە ببینێ، تۆش ئاوای لێ بکەی.”

زۆر کۆڕزانانە چاوی بەسەر هەمووماندا دابەش دەکرد. نامەوێ بیشارمەوە، منیش کاریگەر دەبووم بەوەی چۆن تۆنی دەنگی لە گێڕانەوەکانیدا بەکاردێنێت و بەرز و نزمیان پی دەکات.

“نەمکر بە نامەردی ڕێک تەلەفونم بۆ وەلەی برام کر، چووین بۆ ئەو مەتعەمەی ئیشی لێ ئەکر، بە هەردووکمان تێی سرەواین، تێروپڕمان تێ هەڵا، فەلاقەیەکی باشمان کر. خوا شایەتە ئێستا بووە بە پیاوێک، یەک نازێکی ئەو دایکەی هەڵەگرێ، …”

لەو کاتەدا سەعید خۆی کرد بە ژووردا، حاجی عەلی دەموچاوی دا بە یەکدا لەوەی خەڵکەکە تەرکیزیان لای قسەکانی ئەم نەماوە و شێتێک مەجلیسەکەی لێ تێکداوە، ناچاربوو لەبەر شەهامەتی خۆی هیچ تێکنەچێت و وەک هەمیشە بۆ دڵخۆشکردنی سەعید لەبەری هەستایەوە و هەمووان لەگەڵی دەستیان کردن بە چەپڵەلێدان و وتافکێشان. بێ ئیشن، بەدوای بچووکترین شتدا دەگڕێن کاتیان لێ بکوژێت، ئیتر ئەو شتە درۆ زلەکانی حاجی عەلی بێ یان ڕابواردن بە سەعید.

حاجی عەلی: “پێشڕەومان سەعید گیانە”

هەموویان: “خۆی پیاوی ناو پیاوانە”

حاجی عەلی: “لە سەد شار و لە سەد دێ”

هەموویان: “یەکی وەک سەعید نالوێ”

سەعید باڵی لێ با دەدا و سنگی دەرپەڕاندبوو وەک بڵێی سەرۆک عەشرەت بێت و بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن هاتبێتە ناو خەڵکەوە. تەمەنی ٣٩ ساڵیک  دەبوو، هەرکات بتدیبا کراسێکی ئوتوکراوی پرتەقاڵی لەبەردا بوو کە نەیدەکردە نێو شەڕواڵە ڕەساسییەکەیەوە و تا قۆبچەی سێیەمی دەکردەوە، ملوانی کراسەکەی دایمە ڕەپ وەستابوو. سەر و ڕیشی سفر تاشرابوو. دەمانچەیەکی یاریی لە لاکەمەری دەنا و جارناجار لە میانەی پیاسەکردنەکانی ڕۆژانەیدا سەرێکی بە چایخانەکەشدا دەکرد.

حاجی عەلی بانگی کرد: “وەرە وەرە لای خۆمەوە دانیشە”.

سەعید بەرەو ڕووی حاجی ڕۆیشت و ماوەیەکی لە نێوانیان هێشتەوە، هەردوو قاچی بڵاوکردەوە و دەمانچەکەی لە کەمەری ڕاکێشا، نیشانەی لە سەری حاجی گرتەوە و بەدەمی دەنگی تەقەکردنی دەردەکرد و بەشی پێشەوەی دەمانچەکەشی لەگەڵدا کەمێک بەرزدەکردەوە، حاجی و هەموو خەڵک لەو یاریە ڕاهاتبوون، دەیانزانی دەبێت لەبەرامبەر تەقەکانیدا خۆیان بخەن و هەرکاتێک سەعید فووی لە لوولەی دەمانچەکەی کرد هەموویان هاوار بکەن و بڵێن “ساعید، ساعید، ساعید” وەک بڵێی پاڵەوانی فیلمێک بووبێت و لەکۆتاییدا نەیارەکەی بەزاندبێت.

***

سەعید هاتە لای حاجیەوە و لە دیوەی ئەودیوی دانیشت و دەمانچەکەی لەسەر مێزەکەی بەردەمی دانا. حاجی کەوتە نێوان من و سەعیدەوە و دەستی بۆ وەستا بەرزکردەوە و وتی: “وەسا گیان دوو ڕەقەم شیر…، عەفوو وەڵا چایەک بۆ سەعید”. هەموو چایخانەکە دیسان دایانەوە لە قاقا سواوەکانیان. لە میانەی پێکەنینی ئەواندا، سەعید دەمی کردەوە بەجۆرێک تەنها ددانەکانی خوارەوەی بەدەرەوە بوون و دیاربوو شەویلگەی زیاتر هێنابووە پێشێ تا بتوانێت بە شێوەیەکی ناشرین لاسای پێکەنینەکەیان بکاتەوە.

لەوکاتی سەعید هێشتا فووی لە چایەکەی دەکرد تا ساردەوە بێت، حاجی سیخوڕمەیەکی لە لاکەمەری گرت، سەعید کەمێک لە چایەکەی ڕژا بە شەڕواڵەکەیدا، هەمووان دایان لە قاقای پێکەنین، حاجی ڕاستەوخۆ توند باوەشی بە سەعیددا کرد تا هەڵنەستێتەوە و کاردانەوەی نەبێت.

هێواش هێواش چایخانەکە گەڕایەوە دۆخی ئاسایی خۆی و حاجی بەردەوام بوو لە فشەفشەکانی، لەپڕتاوێکدا سەعید دەستی دایە دەمانچەکە و هەستایەوە و ڕووی کردە حاجی. حاجی وتی: “ئۆهۆو بەزمەکەیە، سەعید گیان دانیشە بەخوا تاقەتم نییە تۆزێکی تر ئەیکەین”. ڕووی کردەوە جەماعەتەکەی و دەستی کردەوە بە قسە.

سەعید بەردەوامبوو لە نواندنەکەی خۆی، بەڵام ئەمجارە ڕاستییتر و سەرنجڕاکێشتر دیاربوو. زۆر زەختی دەکرد میلی دەمەنچەکەی بۆ نەدەهێنرایەوە.

سوتفەبوو کە من چاوم چووە سەر مێزەکەی بەردەم سەعید و بینیم دەمانچەکەی خۆی هێشتا لەوێ مابوو، بەڵام شتەکان زۆر لەوە خێراتر ڕوویاندا تا من دەنگ بکەم.

هەر کە میلیشی هێنایەوە، نیشانەی گرتەوە لە سەری حاجی و پەنجەی بە پەلەپیتکەکەیدا نا، ئەمجارە خۆی دەنگی تەقەکەی بە دەم دەرنەکرد، بەڵکو دەمانچەکە بەڕاستی فیشەکی تەقاند.

***

دەتوانم بڵێم من لە هەرزەکارییمەوە هاتوچۆی ئەم چایخانەیەم کردووە، تا ئێستا بێدەنگییەکی بەم ئاستەم تێدا بەبیست نەکردبوو. چایخانەکە بەردەوام دەنگێکی تێدا بووە، کەس قسەی نەکردایە تەقەتەقی پیاڵە و کەوچەکانی دەستی وەستا دەنگیان دەبوو. خۆ ئەگەریش وەستا دانیشتبایە تا ئیسراحەتێک وەرگرێت، ئەوا دەنگە دەنگی منداڵەکان بێدەنگی دەشکاند کە لەدوای تەواوبوونی وانەی قورئانی عەسران دەهاتن و لە گەڕەکەکەدا دووگۆڵیان دەکرد. ئەوەیش نەبوایە، جریوەی چۆلەکەکانی سەر تووەکە بێدەنگیان دەخنکاند.

کەچێ ئەو ڕۆژە چۆلەکەکان بە دەنگی تەقەکە ڕاچڵەکین و هەڵفڕین. منداڵەکانیش ترسان و هەریەکەو بەلایەکدا ڕایکرد. وەستاش دوا دەنگ کە دەری دا، دەنگی شکانی پیاڵەکەی دەستی بوو کە لەگەڵ تەقەکەدا لە دەستی کەوتەخوارەوە.

کەس نەجووڵا، کەس ڕای نەکرد. خۆ کەسیان تاقەتیان نەبووە ڕۆژێک لە ڕۆژان بەدیار تابلۆیەکەوە ڕاوەستن و لێی ورد ببنەوە بەڵام لەوکاتەدا هەموویان دەمیان داچەقاندبوو بەدیار ئەو تابلۆیەی کە شێتێک نەخشاندوویەتی.

Leave a comment